کۆلێکتیڤی ٩٨، ناوەکەی لە سەرهەڵدانی خوێناویی بندەستان
لە خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی وەرگرتووە. ئەم ناوە دەرخەری دەروەستبوونی ئێمەیە بە بکەرێتی
ئەو ژن و پیاوە چەوساوانەی کە لە قووڵایی دۆزەخی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕاسان و لەدرێژەی
ڕابوونی بەفرانباری ٩٦ی هەتاوی، خاڵێکی وەرچەرخانیان لە مێژووی مافخوازیی ڕەوای جەماوەریدا
تۆمار کرد.
هەروەها ئەم ناوە دەربڕینی هاوڕێیەتی ئێمە لەگەڵ
ئەو بندەستانەیە کە وا داهاتووی خۆیان بە کۆتاییهێنان بەو سیستەمە گرێ دەدەنەوە کە
لەڕێگەی هەژاری، چەوساندنەوە و بێبەشکردنی کۆمەڵگە لە پێداویستییە بنچینەییەکانی ژیان،
خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە.
بناغەکانی ئەم سیستەمە پشتئەستوورە بە ڕەتکردنەوەی
ئازادییە سیاسییەکان، دەستبەسەرکردن و لەسێدارەدانی دژبەرانی، سەرکوتی سیستەماتیکی
ژنان، ناوەندئاژۆیی و ناسیۆناڵیزمی شێعی فارستەوەر، ڕاسیزم و دژایەتی کردنی پەناخوازان
(بەتایبەت دژی پەناخوازە ئەفغانستانییەکان)، تێکدانی ژینگە و هەروەتر دەستێوەردانی
سەربازی، ئابووری و سیاسی لە ناوچەکەدا. کۆلێکتیڤی ٩٨ گرووپێکی چەپی ئینتێرناسیۆناڵی
سەربەخۆیە کە لەپێناو بەگژداچوونەوەی سیستەمی سەرمایەداری و لە وەڵام بە هەڵکشانی هەرچی
زیاتری دژوازییە جۆراوجۆرەکان و نایەکسانییەکان پێکهاتووە.
ئەم گرووپە لەهەمبەر هاوپشتی لەگەڵ هەموو بێبەشان
و بندەستانی جیهان و خەباتەکەیاندا، خۆی بە پابەند دەزانێ. کرۆکی چالاکییەکانی ئێمە
لەمەڕ سیستەمی سیاسی پاوانخوازی دەسەڵاتدار بەسەر جوگرافیای ئێران و لە پەیوەند لەگەڵ
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندایە کە بە دەستێوەردان و شەڕخوازیی دەوڵەتە جیهانیی و هەروەها
ناوچەییەکان خەڵتانی خوێن کراوە.
کۆلێکتیڤی ٩٨ لەسەر ئەو باوەڕەیە کە خەبات دژ بە
ستەمی ئێتنیکی، ڕەگەزی، ئایینی، چینایەتی و... لەیەک تەندراون و هیچکامیان لەوی دی
سەرتر نییە. ئێمە هەر بەو ڕادەیەی کە داکۆکی لە خەباتە کرێکاری و خوێندکارییەکان دەکەین،
لە خەباتی ژنانیش دژ بە پێکهاتە پیاوسالارانەکان بەرگری دەکەین. ئەم کۆلێکتیڤە هاوکات
هەوڵ دەدات کە بەپێی توانای خۆی ببێتە دەنگی مافخوازانەی هەموو بندەستان لەوانە مامۆستایان،
کرێکارانی کاتی، بێکاران، کۆڵبەران، خانەنشینان و هتد.
کۆلێکتیڤی ٩٨ بەدوای پێکهێنانی پێوەندییەکی دوولایەنە
لە نێوان تیۆری و پراتیکدایە. نە بڕیارە تەنها ببێت بە جڤینێک کە هەموو چالاکییەکانی
لە ئاکسیۆنەکاندا کورت دەبێتەوە و نە دەشبێ
بە گرووپێکی توێژینەوەیی ڕووت. ئێمە ئامانجە فرەڕەهەندەکانی خۆمان لەڕێگەی چالاکی ئینتەرنێتی،
بەشداری لە خۆپیشاندانەکان، ڕێکخستنی ئاکسیۆن و ڕێکخستنی کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکان بە
مەبەستی ڕاگۆڕینەوەی ڕەخنەگرانە، بەرەو پێش دەبەین.
ڕەخنە و ڕێکخستن، هزر و پراتیک، پێویستی بە هاوبیری
بەکۆمەڵ، هاوکاری دوولایەنە و پەیوەندی نێوان نەوەکان هەیە. هەر بۆیەش، ئەم کۆلێکتیڤە،
لەپێناو دوورکەوتنەوە لە هەر چەشنە باڵباڵێن و سێکتاریزمێک، جەخت دەکاتەوە لەسەر درووستکردن
و پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ هەموو گرووپ و چالاکە چەپ، پێشکەوتنخواز و سەربەخۆکانی ناوەوە
و دەرەوەی وڵات (بەتایبەت گرووپە چالاکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین). پێویستیی ئەم چەشنە
پەیوەندییانە لە سۆنگەی چڕبوونەوەی ناکۆکی و ناتەبایی ژیۆپۆلەتیک و هەروەها هەلپەرستی
هێزە کۆنەپەرستەکان، زیاتر لە جاران دەردەکەوێت. لەحاڵیکدا کە کۆنەپارێزی ناوخۆیی و
دەرەکی بە هاودەستی لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان، دەیانهەوێ چەرخی مێژوو بەرەو دواوە بگەڕێننەوە، کۆلێکتیڤی
٩٨ خوازیاری ئەوەیە کە لە نسکۆ و دەستکەوتەکانی ڕابردوو وانە وەربگرێت، بۆ ئەوەی هەنگاوێک
بەرەو پێش باوێژێت.
No comments:
Post a Comment