بە هۆی ناکۆکی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق و ڕاگرتنی ناردنی مووچە لە لایەن بەغداوە، ماوەی چوار مانگە فەرمانبەرانی حکوومەت لە باشووری کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە و تەنانەت هی مانگەکانی پێشووتریشیان بە ناتەواوی (چارەکە مووچە یان نیوەمووچە) وەرگرتووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە نەخۆشی کۆرۆنا هەموو ناوچەکەی تەنیوەتەوە و بۆتە هۆی قەیران و زەختێکی زۆر بەتایبەت لە سەر خەڵکی کەمداهات و هەژار.
هەر بۆیە لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و
هەڵەبجە کە دەکەونە زۆنی سەوز واتە زۆنی ژێر دەسەڵاتی حێزبی یەکێتی نیشتمانیی
کوردستان، بۆ ماوەی زیاتر لە دە ڕۆژە خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بەردەوامن لە
ئەنجامدانی خۆپیشاندان. ئەمە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی هەردوو پارێزگای
هەولێر و دهۆک واتە زۆنی زەرد کە لەژێر ڕکێفی حیزبی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی
عێراقە، بە هۆی سەرکۆت کردنی توندوتیژ و میلیتاریزەکردنی دەڤەرەکە، تا ئێستە
نەیانتوانیوە وەک پێویست خۆیان ڕێک بخەن بۆ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایی
بەربڵاو لەسەر شەقامەکان. ئەمە یەکەمجار نییە کە بەتایبەت خەڵکی زۆنی سەوز
بەوچەشنە دژ بە دواکەوتنی مووچە و نەبوونی خزمەتگوزاری گشتیی و تێکەوتن لە قەیرانی
نان، هەڵدەستنەوە. لە پاش سەقامگیربوونی دەسەڵاتی کوردی و دوابەدوای
هاتنەئارای بەهاری عەربی، خەڵکی ئەم پارچەیە بەردەوام لە بەرامبەر گەندەڵی و
نایەکسانی کۆمەڵایەتییدا خاوەن هەڵوێست بوون و شەقامەکانیان کردوەتە گۆڕەپانی
دەنگهەڵبڕینی خۆیان. ئەو خەڵکە شورشی ١٧ شوباتی ساز کرد لە ٢٠١١ و
دواتریش لە ٢٠١٥ و ٢٠١٩ و ئێستەش لە دێسەمبەری ٢٠٢٠ گەڕاوەتەوە سەر شەقامەکان. لەولاشەوە دەسەڵات لەبری گوێدان بە قسە و داخوازی خەڵک، هەرجار بە
ئامرازی پێشکەوتووانەتری ڕوژئاوایی، دڕندانەتر بەرەنگاری خۆپیشاندەران بوەتەوە. لەئەنجامدا لەم ماوەی دە ڕۆژی سەرەتای
خۆپیشاندانەکانی ئەمساڵدا ١٠ کەس کوژراون و. زیاتر لە ٦٠ کەسیش بریندار بوون و
ژمارەیێکی زۆریش گیراون.
قەیرانی سیاسی و ئابووری لە باشووری
کوردستان وەک شەوینەکانیتری ناوچەکە بوەتە نەخۆشیەکی نەبڕاوە و بەردەوام. بەشێک لە
هۆکارەکانی ئەم قەیرانانە دەگەڕێنەوە بۆ ململانێ نێوان هەولێر و بەغدا و زێدەخوازی
و ملهۆڕی دەسەڵاتی بەغدا لە بەرامبەر مافە چەسپاو و بنەڕەتییەکانی خەڵکی کوردستان،
بۆ نموونە زۆرجار سەدا ١٧ ی بوودجەی گشتیی بۆ هەرێم نەناردووە و یان لە نموونەی
ئەمساڵدا، دایبەزاندووە بۆ سەدا ١٢، بەڵام بەشێکی گرینگی قەیرانەکە ئەگەڕێتەوە بۆ
شێوازی داڕشتنی دەسەڵاتدارێتی و بنەما داڕزیوە سیاسی و ئابووریەکانی جووتبنەماڵەی
بارزانی و تاڵەبانی کە لەسەر گەندەڵی دامەزراوە. ئامانجی سەرەکی ئەم دوو بنەماڵەیە دەستبەسەردا گرتنی تەواوی
داهاتی نەوت و گازی کوردستانە و هەر ئەمەش بوەتە هۆی تەشەنەسەندنی ململانێ لەگەڵ
بەغدا و هاوکات هانا بردنی جووتبنەماڵە بۆ
تورکیا و ئێران. ئەم دوو دراوسێیە لەمێژە بەردەوامن لە پێشبردنی
سیاسەتە پاوانخوازانەکانیان لە باشوور چ لە بواری سیاسی بۆ سەرکوت کردنی کوردەکانی
باکوور و ڕۆژهەت و چ لە بوار ئابووری بە پێشخستنی مەسرەفگەرایی و بەرخۆری و
داماڵینی باشوور لە بەرهەمی خۆماڵی و پاشان دەسبەسەرداگرتنی بازاڕەکەی یەوێ. لەم ناوەدا
بەتایبەت تورکیا توانیوێتی باشوور بکاتە نیوەکولونیێک بۆخۆی و بە گرێبەستێکی نەوتی
لە ٢٠١٣ بەولا فرۆشی نەوتی باشووری بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ بەستووەتە بە خۆیەوە و خۆی
کردووە بە براگەورەی جووتبنەماڵە بەتایبەت هی پارتی. لە لایێکی تریشەوە لە ئاستی
نێونەتەوەییدا، لە دوای شەڕی کەنداو و ڕزگاربوون لە چەپۆکی بەعس، باشور بەتەواوی
بووە بە پێگەیێک بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتە ئێمپێریاڵیستیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
ئەم دۆخە لە باشوور و هەروەها ئەم
هەستانەوە بەردەوامە لە لایەنی خەڵکەکەی ئەتوانێ وانەی زۆری تیا بێ بۆ کورد و بۆ
گەلە چەوساوەکانیتریش. دیارە ئەم سەرهەڵدانە خاڵی هاوبەشی زۆرە لەگەڵ
رووداوەکانی ناوچە و ناسینی ئەم خاڵانە یارمەتیمان دەدەن باشتر هۆکارەکانی ئەم
رووداوانە و سەرچاوەکانیان بناسین. بێزاربوونی خەڵک لە تەواوەتی سیستەم و
ڕادیکاڵبوونەوەی خۆپیشاندەران لەناو شۆرشەکانی ئەم ساڵانەی دواییدا زۆر روونە،
ئەگەر ١٧ ی شوبات هێشتا ئوپۆزیسیونی ناو حیزبێکی دەسەڵاتدار وەک گۆڕانی ناو یەکێتی
توانی بێتە رێبەری شوڕشەکە- هەر وەک سەوزە رێفورمخوازەکانی ئێران توانیان ببنە
رێبەری بزووتنەوەی ٢٠٠٩ لە ئێران- شوڕشەکانی ئەمجارە دژی هەر چەشنە دەسەڵات
و حیزبێکن. سووتاندنی بارەگاکانی سەرجەم حیزبەکان دووپاتی ئەم درووشمەی لوبنانیەکان
بوو وا ئەیانوت " کلهم یعنی کلهم" یا خود خوێندکاران لە تاران وا ئەیانوت " اصلاح طلب،
اصولگرا، دیگە تمومە ماجرا" (چاکسازیخواز، بناژۆخواز بەرەو دۆڵێ داوێژن
باز). لە لایێکی ترەوە
شورشەکانی ئەمجارە لە باشوور هەر وەک لە ئێران و عێراق شوڕشی نان بوو و ئەوە چینی
خوار بوون کە هاتنە سەر شەقام و ئەوە رووناکبیر و چینی مامناوەند بوون کە خۆیان لە
پەناوپەسیوی ماڵەکان حەشار دابوو. ئەم خاڵە هاوبەشانە دەرفەتێکی باش
ئەڕەخسێنن بۆ پێکهێنانی پردێک لەنێوان چەوساوەکانی ئەم ناوچە شڵەژاوەی ڕۆژهەڵاتی
ناڤین.
لەم نێوانەدا ئیدەکانی ڕۆژئاوا و
هەروەها جووڵانەوەی ٢٠١٩ لە بەغدا دەتوانن
نموونەگەلی باش بن بۆ هەمووان. لە بەغدا خەڵک توانی بۆ ماوەی چەن هەفتە لە
شەقامەکان بمێنێت و خێمە هەڵ بدا و ئەم مانەوە و چۆڵنەکردنە، سپەیسێکی درووست
کردبوو کە بووە هۆی ساز کردنی دیسکورسی بەرخۆدانی تایبەت، دیسکورسێک کە ئەتوانێ
ئەو شۆرشە بە شۆرشگەلی پاش خوی گرێ بداتەوە و چوارچێوەی بۆ درووست بکا تا بەهێزتر
بچنە پێش، شتێکە هێشتا لەناو جووڵانەوەکانی باشوور و ئەو ناوچانەیتر نەهاتوەتە
گۆڕێ.
بەڵام بۆ کورد خۆی چ ئەزموونێک و وانەیەکی
تێدایە؟ پارتی و یەکێتی بەپشتبەستن بە جەماوەری لەخۆبردوو و فیداکاری ملیۆنی گەلی
باشوور و بە ئامانجی سەربەخۆیی بۆ کوردستان چەخماخەی شۆڕشیان هەڵگیرساند و لانیکەم
بە پێی یاسای عێراق توانیان ئەم ئامانجە بۆ خەڵک بەدی بێنن. بەڵام ئەو دوو حیزبە قەت نەیانتوانی لە
ناسیۆنالیسمی پریمیتیو تێپەر بن و ئیدەی سەربەخۆیی وا دابڕێژنەوە کە چۆنیەتی
درووست کردنی سیستمێکی یەکسانیخواز و ڕزگاریخوازمان بۆ دواڕۆژی سەربەخۆیی لێ دیار
و نزیک بێت. هەر بۆیە ئەوە سەرمایەداری بوو کە توانی زاڵ ببێت بە ڕەنگ و بۆنێکی
ئیسلامیانەوە، ئەوەی ئەمرۆ لە باشوور دەیبینین بەرهەم بێنێت. سیستەمێک کە نەک بۆ
چارەسەرکردنی کێشە سەرەکیەکە، هەر ئەوەی کە خەڵکی هێناوەتە سەر شەقام، واتە
نایەکسانی کۆمەڵایەتی، هیچ وەڵامێکی پێ نییە، بگرە خۆی سەرچاوەی کێشە
کەڵەکەبووەکانە و ئەوەیە کە دەبینین خەڵکی وەڕەز کردووە و زۆرجار دەبیستین ئاوات
بخوازن بە سەردەمی سەدام!
No comments:
Post a Comment